بڕیارە ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم كۆ ببنەوە.
بەپێی زانیارییەكان، مالیكی ئومێدی ئەو پۆستەی لە دەست داوە و بەئەگەرێكی زۆر دەكشێتەوە، بەڵام پێداگریی دەكات باسم بەدری بكرێتە سەرۆك وەزیران، چونكە كەسێكی نزیكی خۆیەتی.
مالیكی هەمیشە لە كابینەكانی پێشتریشیدا ئەگەر خۆی نەبووبێت، هەوڵی داوە كەسێكی نزیكی خۆی دابنێت، بۆیە دەگوترێ لە عێراق زۆربەی كات لە دوای ساڵی 2003وە حكوومەت بەدەست نووری مالیكییەوە بووە.
سەنەد حەمدانی ئەندامی بزووتنەوەی سادقوونی سەربە قەیس خەزعەلی ئاشكرای كردووە، بەرەی خەزعەلیش پشتگیریی لە كاندیدكردنی باسم بەدری دەكەن.
بەپێی ئامارەكان، لە كۆی 12 دەنگی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، تا ئێستە باسم بەدری حەوت دەنگی مسۆگەر كردووە، لە بەرانبەردا محەمەد شیاع سوودانی خاوەنی پێنج دەنگە.
ئەم جووڵە نوێیەی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك هەوڵێك بۆ "كردنەوەی گرێكوێرەی" كاندیدی سەرۆك وەزیران دەبینرێت.