ئامار: تاكۆتایی 2025 بەهۆی جەنگەوە رۆژانە 47 ژن و كچ لە غەزە كوژراون

:: AM:09:30:18/04/2026 ‌
بەپێی ئامارێك كە دەستەی ئافرەتان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردووەتەوە، لەوەتەی جەنگی غەزە لە تشرینی یەكەمی 2023 دەستی پێ كرد تا كۆتایی 2025، رۆژانە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و هێرشە وشكاییەكانی، رۆژانە 47 ژن و كچ لەو كەرتەی فەلەستین كوژراون.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە لە راگەیەنراوی دەستەی ئافرەتانی نەتەوە یەكگرتووەكان وەرگرتووە و دوێنێ بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی دوو ساڵ واتە لە تشرینی یەكەمی 2023 تا كۆتایی ساڵی رابردوو 2025، 37 هەزار ژن و كچی غەزەیی بە هێرشە ئاسمانی و وشكاییەكانی ئیسرائیل كوژراون، ئەگەر بەراورد بكرێت، رۆژانە 47 ژن و كچ لە غەزە كوژراون.

بەپێی ئامارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ناو كوژراوەكاندا 22 هەزار ژن و 16 هەزار كچ كوژراون، ئەوە جیا لەوانەی تا ئێستە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەكان و تەرمەكانیان نەدۆزراونەتەوە، بۆیە هێشتا ئامارەكە زۆر ورد نییە.

سۆفیا كالتروب گوتەبێژ بەناوی دەستەكەوە دەڵێت، راستە ئەو ژمارە زۆرەی ژن و كچی غەزەیی بەهۆی جەنگەكەوە كوژراون، بەڵام ئەوانەی لە ژیانیشدا ماون، دووچاری برسێتی و ئاوارەیی بەردەوام دەبن و بێبەشن لە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی خۆیان و منداڵەكانیان.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی لە غەزە، ژمارەی كوژراوان بەشێوەیەكی گشتی لەوەتەی جەنگەكە دەستی پێ كردووە تا كۆتایی 2025، زیاتر لە 67 هەزار كوژراو بووە، هەروەها 169 هەزار كەسیش لەو كەرتەی فەلەستین بریندار بوون. واتە دەگاتە 236 هەزار كوژراو و بریندار. ئەوە جیا لە كوژراون و بریندارانی غەزە لەناو ئەمساڵ كە ژمارەیان لە ئامارەكەدا نەهاتووە.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە جیا لە سەتان هەزار بریندار، بەڵام تا ئێستە ئەوانەی ماون لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. 

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 500 كەسی ئیسرائیلی كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران كە دواتر بەپێی دانوستانەكان ئازاد كران.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د