تەنیا لە شەوی رابردوودا رووسیا 258 درۆنی ئۆكراینیی تێكشكاندووە

:: AM:10:41:18/04/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەمڕۆ رای گەیاند، تەنیا لە شەوی رابردوودا بەرگرییە ئاسمانییەكانیان لە چەندان ناوچەی وڵاتەكە و لە بەرەكانی جەنگدا، توانیویانە 258 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئۆكراینا تێكبشكێنن، جیالەوەی ئەمڕۆیش ژمارەیەكی تری درۆنی ئۆكراینییان تێكشكاندووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، شەوی رابردوو زۆرترین هێرشی ئۆكراینی بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە دژی رووسیا ئەنجام دراوە، بەڵام تەواوی هێرشەكانیان پووچەڵ كراوەتەوە و لە چەندان ناوچەی رووسی و ئۆكراینی و لە بەرەكانی جەنگدا، بەرگرییە ئاسمانییەكانی رووسیا توانیویانە 258 درۆتی ئۆكراینی تێكبشكێنن.

بەیاننامەكە زیاتر روونی كردووە، ئەو ناوچانەی درۆنە ئۆكراینییەكانی تێدا تێكشكاون، بریتین لە خاكەكانی هەرێمی كراسنودار و كۆماری كرێم و كەرتەكانی ئەستراخان و بیلگۆرود بریانسك، هەروەها ڤۆلگۆگراد و ڤۆرونیج و كۆرسك و لینینگراد و نۆڤۆرود و بسكۆڤ و رۆستۆڤ، لەگەڵیدا ناوچەكانی سامارا و سمۆلینسك و تامبۆڤ و ئۆلیانوڤسك، لەگەڵ ناوچە ئاوییەكانی دەریای ئازۆڤ و دەریای رەش.

هەر ئەمڕۆیش وەزارەتی بەرگریی رووسیا رای گەیاند، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆیش بەرگرییە ئاسمانییەكانی رووسیا، توانیویانە 27 درۆنی ئۆكراینی لە چەند ناوچەیەك تێكبشكێنن.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.

بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د