رۆیتەرز: لە گەرووی هورمز تەقە لە دوو كەشتی كراوە

:: PM:02:24:18/04/2026 ‌
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای دەكات، لە گەرووی هورمز تەقە لە دوو كەشتی كراوە، میدیای عێراقیش دەڵێن سوپای پاسداران رووبەڕووی دوو كەشتی بووەتەوە كە ویستوویانە بە هورمز تێپەڕن، یەكێكیان نەوتی عێراقی بار كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای دەكات، لە سێ سەرچاوەی ئاسایشی دەریا زانیاریی ئەوەی وەرگرتووە، بە لایەنی كەمەوە تەقە لە دوو كەشتی كراوە كاتێك ویستوویانە بە گەرووی هورمز تێپەڕن.

هاوكات میدیای عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، سوپای پاسداران رووبەڕووی دوو كەشتی بووەتەوە، یەكێكیان نەوتی عێراقی بار كردووە، بەڵام روونكردنەوەی ئەوە نەدراوە رووبەڕووبوونەوەكە چۆن بووە.

ئێوارەی دوێنێ‌ ئێران رای گەیاند، گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییە بازرگانییەكان كراوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی تر دووپاتی كردەوە بەهۆی پابەندنەبوونی ئەمەریكا بە بەڵێنەكانی و بەردەوامبوونی ئابڵۆقەی دەریایی دەرهەق بە ئێران، ئەوا گەرووەكە داخراوەتەوە.

میدیاكانی دنیا ئاشكرایان كرد، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیكەی 20 كەشتی گەڕاونەتەوە كە ویستوویانە بە هورمز تێپەڕن.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل