بەرپرسانی ئەمەریكا: پاسداران سێ هێرشیان كردووەتە سەر كەشتییەكان

:: PM:04:32:18/04/2026 ‌

ئەمڕۆ شەموو هەڵوێستی ئێران سەبارەت بەوەی دەگوترا هەردوولا لە رێككەوتن و چارەسەركردنی خاڵە سەركییە ناكۆكەكان لە دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا، گۆڕا، ئێران جارێكی گەرووی هورمزی داخست، بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكا دەڵێن سوپای پاسدارانی ئێران سێ هێرشیان كردوەتە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز.

ئەمڕۆ چەند بەرپرسێكی سەربازیی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە سوپای پاسدارانی ئێران سێ هێرشی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز ئەنجام داوە، هاوكات ئێران گەرووەكەی بە رووی هاتوچۆی دەریایی داخستەوە، لای خۆیەوە دەستەی ئۆپراسیۆنە دەریاوانییەكانی بەریتانیا رای گەیاند كە راپۆرتی بەدەست گەیشتووە بەوەی كەشتییەكی هەڵگری كۆنتێنەرەكان لە دووری 25 میلی دەریایی لە باكوری رۆژهەڵاتی عومان هێرشی كراوەتە سەر، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە هەلیكۆپتەری جۆری ئەپاچی بە ئاسمانی گەرووی هورمز سووڕاونەتەوە بۆ پاڵپشتیكردنی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووەكە.

ئەمڕۆ بارەگەی خاتومولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە جارێكی تر گەرووی هورمزیان داخستووەتەوە، گەرووەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەمێنێتەوە و بە چڕی چاودێری دەكرێت، بەردەوامبوونی ئەو دۆخەش پێوەستە بە پابەندیی ئەمەریكا بە ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی بەرەو ئێران.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل