چارەنووسی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیار نییە

:: PM:04:48:18/04/2026 ‌

دوای دووجار دواخستنی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەفتەی رابردوو بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیارە ئەمشەو چوارچێوە كۆ ببێتەوە، سەرچاوەیەك پێشبینی كرد كە ئەگەری زۆرە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئێوارەش بە هاوشێوەی ئەوانەی پێشوو بێتە دواخستن.

سەرچاوەكە گوتی، تا ئێستە ئەگەری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، بەڵام هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوەكە داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەیان بۆ دووشەمی داهاتوو كردووە، بەمەبەستی گەیشتن بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی دیاریكردنی كاندیدێكی سەرۆك وەزیران كە پاڵپشتیی زۆرینەی چوارچێوەكەی لەسەر بێت. 

دوای دوو جار دواخستن، بڕیارە ئەمڕۆ شەموو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببێتەوە، عامر فایز پەرلەمانتاری شیعە پێشبینی كرد كە لە كۆبوونەوەكە هێزە شیعەكان بگەن بە رێككەوتن و دیاترین كاندیدانیش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی و باسم بەدرین.

زیاتر گوتی، تا ئێستە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی سەرۆك وەزیرانە و كاندیدبوونی خۆی بەفەرمی نەكشاندووەتەوە، ئەوە سەرەڕای راپۆرتەكانی باسی ئەگەری كشانەوەی بەهۆ لاوازبوونی چانسی لە وەرگرتنی پۆستەكە لە دوای ڤیتۆی ئەمەریكا دەكەن، دووپاتی كردەوە، دابەشبوون لە ناو چوارچێوە نییە و تەنیا جیاوازی بۆچوون لەبارەی دیاریكردنی كاندیدان هەیە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل