ترەمپ: لە كۆتایی ئەمڕۆ زانیاریمان لەبارەی گەرووی هورمزەوە بەدەست دەگات

:: PM:05:09:18/04/2026 ‌

چەند رۆژێك لە ئاگربەستە دوو هەفتەییەكەی ئێران و ئەمەریكا ماوە و تا ئێستە یەك گەڕی شكستخواردووی دانوستانەكان بەڕێوە چووە، ئەمڕۆ ئێران هەڵوێستی توند كرد و گەرووی هورمزی داخستەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت، دانوستانەكان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، تاران ناتوانێت دەمارمان بگرێت و تا كۆتایی ئەمڕۆ چاوەڕوان دەكەین و زانیارییان لەبارەی گەرووی هورمزەوە بەدەست دەگات. 

ئەمڕۆ شەموو ترەمپ رای گەیاند كە دانوستانمان لەگەڵ ئێران هەیە و گفتوگۆكان زۆر باش بەڕێوە دەچن، بڕیارە تا كۆتایی ئەمڕۆ زانیاریمان لەبارەی گەرووی هورمزەوە بەدەست بگات، ئەوان ویستیان جارێكی تر گەرووی هورمز دابخەن، بەڵام ئێران ناتوانێت دەماری ئێمە بگرێت و گوشارمان لێ بكات.

سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، نازانم بۆچی 47 ساڵ چاوەڕوان بووین و لەگەڵ ئێران رووبەڕوو نەبووینەوە، نازانم بۆچی كەس وەك من لەو ماوەیە رووبەڕووی تاران نەبووەوە. 

ئەمڕۆ بارەگەی خاتومولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە جارێكی تر گەرووی هورمزیان داخستووەتەوە، گەرووەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەمێنێتەوە و بە چڕی چاودێری دەكرێت، بەردەوامبوونی ئەو دۆخەش پێوەستە بە پابەندیی ئەمەریكا بە ئازادی هاتوچۆی دەریاوانیی بەرەو ئێران.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل