لە دوای شەڕە 40 رۆژییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران، لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەستێكی دووهەفتەیی هاتە راگەیاندن، لە 11ی ئەم مانگەش یەكەم گەڕی دانوستانی راستەوخۆی ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بە ناوەندگیریی پاكستان بەڕێوە چوو، دانوستانەكان چەند خاڵێكی سەرەكی گرتەوە كە تا ئێستە دیار نییە لەسەر چەندی رێك كەوتوون.
ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا و ئێران دانوستانیان لەبارەی پلانێكی سێ لاپەڕەیی بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی هەردوولا كردووە، دوو بەرپرسی ئەمەریكی و دوو سەرچاوەی ئاگەدار لە گفتوگۆكان بە ماڵپەڕەكەیان گوتووە، ئێستە خاڵێكی پلانەكە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەویش پێوەستە بە لابردنی بلۆككردن لەسەر 20 ملیار دۆلار لە حیسابە بلۆككراوەكانی ئێران لە بەرانبەر رادەستكردنی تاران ئەمباری یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی.
شایەنی باسە تا ئێستە نازانرێت یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی ئێران چارەنووسی چییە، ئەمەریكا دەڵێت لە هەڵمەتە 12 رۆژییەكەی هاوینی رابردوو، یۆرانیۆم و وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی لەناو بردووە، كەچی بەشێك لە راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو یۆرانیۆمە لەژێر پاشماوەی رووخاوە وێستگەكانە، هەندێكیشیان پێیان وایە ئێران بەر لە هێرشەكە بۆ شوێنی تری گواستوەتەوە.