تاران: پێشنیازێكی ئەمەریكیمان بەدەست گەیشتووە و تاوتوێی دەكەین

:: PM:06:04:18/04/2026 ‌

چەند رۆژێك بۆ كۆتاهاتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران ماوە و هێشتا هەردوولا رێك نەكەوتوون، هەفتەی رابردوو فەرماندەی سوپای پاكستان سەردانی تارانی كرد و پێشنیازێكی ئەمەریكای بۆ ئێرانییەكان گواستووەتەوە، ئەوانیش تاوتوێی دەكەن و هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە.

ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیاننامەیەكدا گوتی، تا ئێستە دانوستانەكان لە رێگەی پاكستان لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامە، تاران هیچ سازشێك لە هەڵوێستەكانی ناكات، عاسم مونیر فەرماندەس یوپای پاكستان لە سەردانی هەفتەی رابردووی بۆ تاران، چەند پێشنیازێكی نوێی ئەمەریكای گواستووەتەوە، ئێستە ئێران تاوتوێیان دەكات و هێشتا وەڵامی نەداونەتەوە. 

زیاتر گوتی، فەرماندەی سوپای پاكستان چەند پێشنیازێكی نوێی ئەمەریكای داوەتە تاران، تا ئێستە تاوتوێ دەكرێن و ئێران هەڵوێستی خۆی لەباریانەوە رانەگەیاندووە، شاندی دانوستانكاری ئێران هیچ سازشێك ناكات، سەبارەت بە گەرووی هورمز ئاماژەی كرد، ئێران بە مەرج لەسەر كردنەوەی هاتوچۆی دەریایی بە گەرووەكە تا كۆتای ئاگربەستە كاتییەكە رازی بووە، ئەوەش تەنیا بۆ كەشتییە بازرگانییەكان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی هێزی دەریاوانیی ئێران و بە مەرج و رێنوێنییەكانی تاران.

ئەمڕۆ شەموو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە دانوستانمان لەگەڵ ئێران هەیە و گفتوگۆكان زۆر باش بەڕێوە دەچن، بڕیارە تا كۆتایی ئەمڕۆ زانیاریمان لەبارەی گەرووی هورمزەوە بەدەست بگات، ئەوان ویستیان جارێكی تر گەرووی هورمز دابخەن، بەڵام ئێران ناتوانێت دەماری ئێمە بگرێت و گوشارمان لێ بكات.

هەر ئەمڕۆ بارەگەی خاتومولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە جارێكی تر گەرووی هورمزیان داخستووەتەوە، گەرووەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەمێنێتەوە و بە چڕی چاودێری دەكرێت، بەردەوامبوونی ئەو دۆخەش پێوەستە بە پابەندیی ئەمەریكا بە ئازادی هاتوچۆی دەریاوانیی بەرەو ئێران.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل