كۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دواخرا

:: PM:06:09:18/04/2026 ‌

دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو ناكۆكییەكانی شیعە وای كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووجار نەتوانێت كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ساز بكات، بڕیار بوو ئەمڕۆ شەموو ئەو كۆبوونەوەیە ساز بكرێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی ناكۆكییەكان، كۆبوونەوەكە هاتە دواخستن.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بڕیار بوو لە ماڵی عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا ساز بكرێت، لەسەر داوای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەر بۆ دووشەمی داهاتوو دواخرا، داواكە لە رێگەی نەیارانی كاندیدكردنی نووری مالیكی هات بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ سوودانی بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی و لابردنی نووری مالیكی.

بەپێی سەرچاوەكە لە میانی گفتوگۆكان دوو گۆڕانكاری هەبووە، سەركردەیەكی سوننە وەك پاڵپشتییەك لە سوودانی گوشاری خستووەتە سەر سەركردە شیعەكان، بەڵام شكستی هێناوە و ئەوەش وای كرد سوودانی داوای دواخستنی دانیشتنەكە بكات، جیا لەوە هەندێك لە هێزە شیعەكان پێشنیازی ئەوەیان كرد مالیكی پاشكشەی خۆی بە فەرمی رابگەیەنێت، ئینجا گفتوگۆ لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی نوێی سەرۆك حكوومەت بكەن، بەڵام هەردوو هەوڵ سەركەوتوو نەبوو و كۆبوونەوەكەی هاتە دواخستن.

بەپێی سەرچاوەكە ئەگەری هەیە ئەمشەو تەنیا كۆبوونەوەیەكی بچووكی هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوە بێتە سازكردن بۆ راوێژكردن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل