دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد بۆ پەلەكردن لە پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ راسپاردنی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، هەفتەی رابردوو چوارچێوەكە بەهۆی ناكۆكیی سیاسی نەیتوانی كۆ ببێتەوە و ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە، ئەمڕۆ جارێكی كۆبوونەوەكە دواخرا، پەرلەمانتارێكی شیعە دەڵێت ئێستە شەش ناو جگە لە سوودانی و مالیكی بۆ پۆستەكە ناوتوێ دەكرێن.
عامر فایز پەرلەمانتاری شیعە باسی كشانەوەی نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی لە كێبەركێی سەرۆك وەزیران دەكات و دووپاتی كردەوە كە ئێستە ركابەری لە نێوان شەش ناو هەیە لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی چوارچێوە تاوتوێ دەكرێن، زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكەی سەعات هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم بۆ دووشەمی داهاتوو دواخرا، بۆیە كۆبوونەوەكە یەكلاكەرەوە دەبێت و ئەگەری هەیە تیایدا بەفەرمی ناوی كانیدی چوارچێوەی تیادا بێتە راگەیاندن، ئەوە ئەگەر هێزە سیاسییەكان بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.
روونی كردەوە، ئێستە ركابەری لە نێوان شەش كەسە ئەوانیش، باسم بەدری و عەلی شوكری و محەمەد دەراجی و عەبدولحوسێن عەبتان و قاسم ئەعرەجی و حەمید شەترین، ئەو قسانەی باسی یەكلابوونەوەی پۆستەكە بۆ باسم بەدری دەكەن راست نین و تا ئێستە گفتوگۆ لەسەر هەموو ناوەكان هەیە، بۆیە تا ئێستە ناتوانرێت پێشبینی ناوی سەرۆك وەزیرانی نوێ بكرێت.
فایز دووپاتی كردەوە، كۆبوونەوەكان بەردەوامن و ئێستە لایەنەكانی چوارچێوە هەوڵی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەدەن و دوای ئەوە وردەكاریی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، كە پێشبینی دەكرێت زۆر درێژ نەخایەنێت، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتەكە زۆر نابات، چونكە لێكتێگەیشتن لەبارەیەوە هەیە، تەنیا گرێ كوێرەكە كاندیدی سەرۆك وەزیرانە، كە هێشتا پێویستی بە كات هەیە بۆ دروستبوونی كۆدەنگی لەسەری.