ئیسماعیل قائانی لە بەغدایە

:: PM:06:57:18/04/2026 ‌

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە لە چەند سەعاتی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بە سەردانێكی رانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان و هێزە سیاسییە شیعەكان كۆ بووەتەوە و باسی پەرەسەندنە سیاسییەكانیان لە عێراق كردووە. 

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە چەند سەعاتی رابردووی ئەمڕۆ شەموو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كردووە، ئەو لەگەڵ فەرماندەی میلیشیاكان و بە جیا لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ بووەتەوە و باسی پەرەسەندنەكان عێراق و ناوچەكەیان كردووە. 

زیاتر گوتی، گفتوگۆكانی قائانی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو چەقبەستووە سیاسییەی لە عێراق هەیە چڕ بووەتەوە، جیا لە تاوتوێكردنی دوارۆژی میلیشیاكان، لەوانە ئەگەری یەكخستنیان لەگەڵ هێزە تەناهییە فەرمییەكانی عێراق و جیاكردنەوەی هەندێك لە سەركردە و حزبە سیاسییەكان لە باڵە سەربازی و میلیشیاكانیان.

بەپێی سەرچاوەكە لە كۆبوونەوەكانی قائانی باسی دۆسیەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كراوە، پێشبینیش دەكرێت سەردانەكە پێوەندی بە دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و راگەیاندنی سزاكانی دوێنێی ئەمەریكا بەسەر حەوت سەركردەی میلیشیاكانەوە هەبێت، دوا سەردانی قائانیش بۆ عێراق لە مانگی تەمووزی 2025 بوو، كە 10 سەعاتی خایاند و چاوی بە ژمارەیەك سەركردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كەوت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل