ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران دەکات

:: PM:07:22:18/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسانی 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد، کە ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران لە گەرووی هورمزدا.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن پلان دادەنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا. ئاماژەی بەوەش داوە کە سوپای ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵکوتێتە سەر ئەو کەشتییانەی پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە. هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گەشبینە بەوەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری" دژی کەشتییەکانی ئێران، گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاسان دەکات.

ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە، گەنجینەی ئەمەریکا سزاکانی فراوانتر کردووە بۆ سەر ئەو کەشتییانەی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، ئامانج لە هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری"ش ناچارکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بەتەواوی بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە هێزی دەریایی ئەمەریکا هەڵمەتەکەی بۆ سەر کەشتییەکانی ئێران فراوانتر دەکات تا ناوچەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر گوتەبێژی سەربازیی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی ڕای گەیاندبوو، گەرووی هورمز وەک سەردەمی ململانێ سەربازییەکەی ناوچەکە کە 40 ڕۆژی خایاند، دادەخرێتەوە. گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە کە گەرووەکە لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی توندی هێزە چەکدارەکاندایە، ئاماژەی بەوەش دا کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە؛ بەندە بە پابەندنەبوونی ئەمەریکا بە مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ ناو ئێران و دەرەوەی.


وشە - پۆڵا مەحموود