ئێران دەست بەسەر سەروەت و سامانی دەیان هونەرمەند و وەرزشواندا دەگرێت

:: PM:08:28:18/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسانی 2026، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڕیاری دا بە دەستنیشانکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان و سڕکردنی هەژمارە بانکییەکانی دەیان کەس، لە نێویاندا هونەرمەندان، وەرزشوانان و ڕاگەیاندنکاران، ئەوەش بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو لایەنە بیانییانەی تاران بە دوژمنیان دەزانێت.

ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئەم هەنگاوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گیراونەتە بەر، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای توندکردنی سزاکانی سیخوڕی و هاوکاریکردنە لەگەڵ ئیسرائیل و "وڵاتانی دوژمن" دژی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، هەروەها بەدواداچوونە بۆ ئەو کەسانەی کار بۆ پاڵپشتیکردنی "میدیای دوژمن" دەکەن کە هاوکاری لەگەڵ "دوژمنی زایۆنی و ئەمەریکا" دەکەن.

بەپێی ئاژانسەکە، فەرمانی دادوەری بۆ ڕێکخراوی تۆمارکردنی بەڵگەنامە و موڵکەکان و بانکی ناوەندی دەرچووە، بۆ دەستنیشانکردنی هەژمارە بانکییەکان، خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی 63 کەسی تر لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستبەسەرداگرتنیان.

لیستەکە کەسایەتییە ناسراوەکانی بوارەکانی هونەر و ڕاگەیاندنی تێدایە، لەوانە: مەهناز ئەفشار، مەزدەک میرزایی، نیکی کەریمی، عەباس غەزالی، سینا سەرلەک، لەیلا ئۆتادی، شیرین نەشات، بەهارەک ساڵحنیا و سپێدە میترا ئیبراهیمی، لەگەڵ چەند ناوێکی تر کە پێوەندییان بە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن یان ڕەوتەکانی دژی ڕژێمەوە هەیە.

هەروەها ئاژانسەکە ناوی چەند وەرزشوانێکی هێناوە، وەک: مەسعوود شوجاعی، کیمیا عەلیزادە، بەختیار ڕەحمانی، میلاد زەنیدپوور و سۆشا مەکان، کە هەژمارە بانکی، ئۆتۆمبێل و موڵکەکانیان ڕووبەڕووی هەمان ڕێوشوێنی دەستبەسەرداگرتن بوونەتەوە.

هاوکات ڕێوشوێنەکان چەند چالاکانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بلۆگەرانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتی گرتووەتەوە، لە نێویاندا حەمید سپێدنام ناسراو بە "مستەر تێستەر"، لەگەڵ ژمارەیەک ناوی تر کە گوایە پاڵپشتی لە نەیارانی ئێران لە دەرەوە دەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود