سەرچاوەیەك: زۆرینەی سەركردەكانی چوارچێوە پاڵپشتی لە باسم بەدری دەكەن

:: PM:08:29:18/04/2026 ‌

بڕیار بوو ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببنەوە، بەڵام بەهۆی قووڵیی ناكۆكییەكانیان نەیانتوانی، هەریەك لە نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی كێبەركێیەكی گەورە دەكەن و سازش بۆ یەكتر ناكەن، لەو ناوەدا سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە زۆرینەی سەركردەكانی چوارچێوە پشتیان لە مالیكی و سوودانی كردووە و لەگەڵ كاندیدكردنی باسم بەدرین.

بەپێی سەرچاوەكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران نزیك بووەتەوە، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوەی هەیە و ئەگەری زۆرە باسم بەدری سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری بۆ پۆستەكە دیاری بكەن، ئەوەش دوای بەدەستهێنانی دەنگی هەشت لە كۆی 12 هێزی پێكهێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە دوای شكستهێنانی هەوڵی كۆدەنگیی لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو.

دووپاتی كردەوە، ئەمە و بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوە هەریەك لە هادی عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر و ئەبو ئالای وەلائی سەركردەی گرووپی سەید شوهەدا و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس و شێخ هومام حەموودی و عامر فایز و حزبی فەزیلە و گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق دەنگ بە كاندیدبوونی بەدری بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل