بەدرێژایی ماوەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكان عێراقیان كردبووە سەرچاوەی هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، ئەوەش وای كرد وڵاتانی ناوچەكە و ئەمەریكا بانگهێشتی باڵوێزەكانی عێراق بكەن و داوای لێ بكەن ئەو هێرشانە بوەستێنێت.
تەنانەت لە دوای ئاگربەستە كاتییەكەی ئەمەریكا و ئێران، هێرشەكانی ئەو میلشیایانە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە بەردەوام بوو، ئەوەش وای كرد هەریەك لە كوێت و سعوودیە و بەحرێن و ئیمارات و ئەمەریكا بانگهێتی كاربەڕێكەری باڵوێزخانەكانی عێراق لەو وڵاتانە بكەن و یاداشتی ناڕەزایەتی و سەركۆنەكردنیان بدەنێ و داوا لە حكوومەتی عێراق بكەن بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و كار بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە بكات.
عائید هیلالی راوێژكاری سیاسیی حكوومەتی عێراق دەڵێت، بانگهێشتنی دوایی باڵوێزەكانی عێراق پەرەسەندنێكی زۆر هەستیارە، عێراق لەبەردەم ساتێكی تاقیكردنەوەی راستەقینەیە بۆ ئاستی توانای سەپاندنی تەواوەتی سەروەرییەكەی بەسەر خاكەكەی و رێگرتن لە بەكارهێنان بۆ یەكلاكردنەوەی حیساباتی نێودەوڵەتی.
زیاتر گوتی، مەترسیی ئەو پەرەسەندنانە لەوەدایە پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و ناوچەكە و دنیا دەخاتە بەردەم دووڕیانێكی مەترسیدار، بەردەوامبوونی هێرشەكان دەبێتە هۆی داخورانی متمانە و چاوخشاندنەوە بە ئاستی هاریكاریی سیاسی و تەناهی و ئابووری، بەڵكو رنگە ببێتە كردنەوەی دەرگە بە رووی رێوشوێنی تونتد لەبارەی پێگەی عێراق لە ناوچەكە.
عائید هیلالی چالاكی سیاسی دەڵێت، بانگهێشتكردنی پێنج باڵوێزی عێراق لە ماوەی چەند رۆژێكدا، ئاماژەیەكی زۆر هەستیاری یپلۆماسییە و بەرجەستەی داخورانی متمانە بە توانای دەوڵەتی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی گرووپە نافەرمییەكان لەسەر خاكی عێراق دەكات، ئەو هەڵسوكەوتە وەك شكستهێنانی باڵادەستیی فەرمی دەخوێندرێتەوە كە بنەمایەكی سەركییە بۆ سەروەری و بەردەوامبوونی عێراق دەخاتە خانەی وڵاتانی مەترسیداری سیاسی و پاساو بە نەیارەكانی دەدات بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی دۆسیەی تەناهی و سەپاندنی سزای سیاسی و ئابووری بەسەریدا.