ئەكسیۆس: دوای سەرهەڵدانەوەی قەیرانی گەرووی هورمز ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ هەیە

:: PM:09:47:18/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمەریکی ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دوای سەرهەڵدانەوەی قەیرانی گەرووی هورمز، لە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی تایبەت بە ئێران کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە.

ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ترەمپ لە ژووری ئۆپراسیۆنەکان لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی ڕێک خستووە و تێیدا باسی لە سەرهەڵدانەوەی قەیرانەکانی گەرووی هورمز و دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران کردووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە دۆخەکە لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە خاڵێکی مەترسیدار، پێشبینی دەکرێت ئاگربەستەکە سێ ڕۆژی تر کۆتایی بێت و تا ئێستەش هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نوێی نێوان دانوستانکارانی ئەمەریکا و ئێران دیاری نەکراوە. دووپاتیان کردووەتەوە، ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهێنرێت، ئەگەر هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەڕ دەست پێ بکاتەوە. سەرهەڵدانەوەی ئەم قەیرانەش لە گەرووی هورمز دوای ئەوە پەرەی سەند کە ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو ئاڵۆزتر بوو.

لە لایەکی ترەوە، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە ڕای گەیاندووە، ئەگەر قەیرانەکە چارەسەر نەکرێت، پێ دەچێت شەڕ لەگەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە. هاوکات سەرچاوە ئیسرائیلییەکانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی دەست پێ کردووە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ.


وشە - پۆڵا مەحموود