ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسانی 2026، محەمەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وردەکاریی نوێی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی و ئەمەریکا لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد و پەیامێکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد.
قالیباف ڕای گەیاند، کاتێک ئەمەریکا ویستوویەتی مینەکان لە گەرووی هورمز پاک بکاتەوە، هۆشدارییان پێ دراوە و تەنیا 15 خولەک کاتیان ویستووە بۆ ئەوەی بەخێرایی پاشەکشە بکەن.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە گەرووی هورمز لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت نیشانەی باڵادەستیی تارانە لە مەیدانەکەدا. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشی دا و گوتی، مەحاڵە هەمووان بەئازادی تێپەڕ بن و تەنیا ئێران ڕێگریی لێ بکرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، قالیباف پەیامێکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد کە لە ڕێگەی فشارەوە ناتوانێت مەرجەکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت، ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر گەمارۆی نەوتیی سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا هاتوچۆ لە گەرووەکەدا بۆ هەمووان سنووردار دەکرێت.