هۆشداری دەدرێتە ترەمپ كە عاسم مونیر لە سوپای پاسدارانەوە نزیكە

:: PM:12:11:19/04/2026 ‌
كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا لەسەر عاسم مونیر  فەرماندەی سوپای پاكستان، بە كەسێكی نزیكی پاسداران لە قەڵەمی دەدات و هۆشداریش بەسەرۆكی ئەمەریكا دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ڕەگی پێوەندییەكانی عاسم مونیر لەگەڵ تاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە بەڕێوەبەری هەواڵگریی پاكستان (ISI) بووە. 

شارەزایان بۆ راپۆرتەكەی فۆكس نیوز دەڵێن: مونیر توانیویەتی پێوەندییەكی پتەو لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی ئێران بنیات بنێت، لەوانە قاسم سلێمانی و حوسێن سەلامی، ئەمەش وەك مەترسی بۆ سەر ئەمەریكا دەبینن.

سەرچاوە میدیاییەكان ئاماژە بەوە دەدەن، فەرماندەی سوپای پاكستان وەك "كەناڵێكی پشتی پەردە" و ناوەندگیرێكی نهێنی لە نێوان واشنتن و تاران كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان. هەرچەندە ئەم ڕۆڵە بۆ پاراستنی سەقامگیرییە، بەڵام لای ئەو لایەنانەی خوازیاری سنوورداركردنی هەژموونی ئێرانن، جێگەی گومان و نیگەرانییە.

سەرەڕای ئەو هۆشدارییانە، فۆكس نیوز ئاماژەی بەوە كردووە كە خەسڵەتە كەسییەكانی مونیر وەك فەرماندەیەكی سەربازیی بەهێز و پێڕەوكەری دیسپلین، وایكردووە ترەمپ وەك "فەرماندەی مەیدانیی دڵخوازی خۆی" ناوی بەرێت و ستایشی شێوازی كاركردنی بكات.




وشە - سۆران عەزیز