پێكهاتەی شاندی ئێران بۆ دانوستانەكان ئاشكرا دەبێت

:: PM:05:51:19/04/2026 ‌

وەك سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، بڕیارە دووسبەی سێشەم دووەك گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە ئیسلام ئاباد لە پاكستان بەڕێوە بچێت، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ تیمی شاندی وڵاتەكەی بۆ دانوستانەكان ئاشكرا كرد كە لە ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر پێك هاتووە، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن شاندی ئێران هەمان ئەندامانی تیمی پێشوون.

ئەمڕۆ یەكشەم چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكیان راگەیاند كە شاندێكی ئێران بۆ بەشداریكردن لە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا سەردانی پاكستان دەكات، شاندەكە لە هەمان تیمی بەشدار لە یەكەم گەڕی دانوستانەكان پێك دێت، لەوانە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە. 

بەپێی سەرچاوەكان لایەنی ئێرانی پێشبینی دەركردنی راگەیاندنێكی هاوبەش لە رۆژی چوارشەم دەكات بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەستە كاتییەكە، سەرچاوەی تریش گوتیان، لە حاڵەتی بوونی پێشوەچوون لە دانوستانەكان و رازیبوونی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەردانیكردنی پاكستان، سەرۆكی ئێران هاوشێوە دەچێتە ئەو وڵاتە بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتی بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنی ئیسلام ئاباد.

سەرەڕای ئەو هەواڵانە، بەڵام تا ئێستە زانیارییەكان بە فەرمی لە لایەن تارانەوە دووپات نەكراوەتەوە، بەوەی دانوستانكارانی ئێران دەچنە پاكستان بۆ بەشداریكردن لە دووەم گەڕی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل