ئێستە كێ سەركردایەتیی ئێران دەكات؟

:: PM:07:16:19/04/2026 ‌

لە 28ی شوباتی رابردوو لە یەكەم هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییە 40 رۆژییەكە، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتە و زۆرینەی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران كوژران، موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێ دیاری كرا، ئەویش گومانی پەككەوتن و مان و نەمانی لەسەرە، راپۆرتێك باسی 10 كەسایەتی دەكات كە رۆڵیان لە بڕیاردانی ئێستە لەو وڵاتە لەپشت پەردەوە هەیە.

بەپێی چەند ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی هەواڵگریی ئەو وڵاتە پێی وایە ململانێ لە سەركردایەتییە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە لەسەر بڕیاردان هەیە، ئەو ئاماژە بۆ چەند ناوێك دەكات، پێشبینی دەكرێت ئێستە ئەوانە سەركردایەتیی ئێران بكەن، راپۆرتەكە موجتەبا بە نەبوونی كاریزمایی وەسف دەكات، كە بە رێنوێنی سوپای پاسداران لە لایەن ژمارەیەك پیاوانی ئاینی وەك رێبەر دیاری كرا.

بەپێی راپۆرتەكە ئەو 10 كەسەی ناویان هاتووە بریتین لە، موجتەبا خامنەیی كوڕی رابەری كوژراوی ئێران، حوسێن تائیب سەركردەی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران و راوێژكاری باڵای رابەر و كەسایەتی زۆر نزیك لە موجتەبا و زۆر توندڕۆ بەرانبەر بە رۆژئاوا، ئەحمەد وەحیدی سەرۆكی ئێستەی سوپای پاسداران و وەزیری پێشووی ناوخۆ و فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران.

محەمەد عەبدوڵا سەرۆكی نووسینگەی رابەری باڵا، محەمەد باقر زوقەدر ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ئەمینداری رازگری ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران، مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێستەی ئێران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، سەید عەلی ئیفتیخاری كەسایەتی دەسترۆیشتوو لەناو هەواڵگریی ئێران، عەلی رەعدین بەرپرسێكی باڵای تەناهییە، بەپێی راپۆرتەكە ئەوانە رۆڵی گەورەیان لە بڕیاردان لە ئێران هەیە.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل