ترەمپ: چوارچێوەی رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئامادەیە

:: PM:09:39:19/04/2026 ‌

جارێكی تر ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا ئێرانی لە نێوان رێككەوتن و وێرانكاری سەرپشك كرد، ئەو بەر لە دانوستانەكانی سبەی لە پاكستان زنجیرەیەك لێدوانی دا، بە گشتی هەڕەشەی لە ئێران كرد كە لەبەردەم دوایین هەلدایە و ئەگەر رێككەوتن واژوو نەكات، وڵاتەكە وێران دەكات، جیا لەوانە دووپاتی كردەوە كە بە دانوستانەكان گەشبینە و چوارچێوەی رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئامادەیە.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی 12ی ئیسرائیلی گوتی، سەبارەت بە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران زۆر گەشبینم، دووپاتی كردەوە كە چوارچێوەی رێككەوتن لەگەڵ تاران ئامادەیە.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند لێدوانێكی جیاوازی لەبارەی دانوستانەكان و ئێران و گەرووی هورمز دا، بە تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی راگەیاند كە دووەم گەڕی دانوستانەكان، كە بڕیارە لە ئیسلام ئاباد بە هاوشێوەیەی یەكەم گەڕ بەڕێوە بچێت، دوایین هەلە بۆ تاران بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا.

زیاتر گوتی، دانوستانەكانی سبەی دووشەم، دوایین هەلە بۆ ئێران، ترەمپ بەڵێنی دا هەڵەی پێشووی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوو دووبارە نەكاتەوە، رووی هەڕەشەی كردە تاران و گوتی، ئەگەر ئێران رێككەوتن واژوو نەكات، تەواوی وڵاتەكە وێران دەكەم.

لەلایەكی تر ترەمپ لە لاپەڕی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیبووی، ئەمەریكا رێككەوتنێكی دادوەرانە و گونجاوی پێشكەش ئێران كردووە و هیوادارین قبووڵی بكات، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم دانوستانكارانی ئەمەریكا روو لە پاكستان دەكەن و بۆ ئێوارەی دووشەم لەوێ دەبن بۆ دانوستان، ئەگەر ئەوجارە قبووڵی رێككەوتن نەكەن، چیتر نەرم نابین و تەواوی وێستگەكانی كارەبا و پردەكانی ئێران وێران دەكەین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل