ئاژانسی تەسنیم: هێزەكانی ئێران بە درۆن هێرشیان كردە سەر كەشتییەكی ئەمەریكی

:: AM:09:48:20/04/2026 ‌
ئاژانسێكی هەواڵی ئێرانی بڵاوی كردەوە، هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشیان كردووەتە سەر كەشتییەكی جەنگی ئەمەریكی لە كەنداوی عومان.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیوچە فەرمی سەر بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی كردەوە، هێزەكانی ئێران كەشتییەكی جەنگی ئەمەریكییان لە كەنداوی عومان بە درۆن بۆردمان كردووە، ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری دەریای عەرەب، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم دەستیان بەسەر كەشتییەكی بارهەڵگری ئێرانی گرت.

ئاژانسەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەو زیانانە بڵاو نەكردووەتەوە كە لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەكە بەر كەشتییە جەنگییە ئەمەریكییەكە كەوتبن، تا هێرشێكی درۆنی بۆ سەر كەشتییەك ڕاگەیاند، بێ ئەوەی ناوی كەشتییە جەنگییە ئەمەریكییەكەیش بڵاو بكاتەوە.

ئەو هێرشە درۆنییەی ئێران بۆ سەر كەشتیی جەنگی ئەمەریكی لە كەنداوی عومان، لە كاتێكدایە كە بەیانی ئەمڕۆ دووشەم گوتەبێژی بارەگەی "خاتەمولئەنبیا" بڵاوی كردەوە، دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی بازرگانی ئێرانی لەلایەن ئەمەریكاوە شكاندنی ئاگربەستە و بەمنزیكانە وەڵامی ئەو كارەی ئەمەریكا دەدەنەوە.

هەرچەندە دوو ڕۆژی تر ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن كۆتایی دێ و باس لە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان لە پاكستان دەكرێت، بەڵام ئەمڕۆ گرژییەكان روویان لە بەرزبوونەوەی زیاتر كردووە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، كە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم شاندی ئەمەریكا دەگەنە ئیسلام ئاباد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د