سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كرد، تاران شاند بۆ دەستكردنەوە بە دانوستاندنەكان ڕەوانەی ئیسلام ئاباد دەكات.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی
ئێران ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كرد، شاندی فەرمیی ئێران ڕەوانەی ئیسلام ئاباد دەكرێ، بۆ ئەوەی بەشداریی دانوستاندنەكان لەگەڵ ئەمەریكا بكەن. ئەو قسانەی عەزیزی لە كاتێكدایە كە دوێنێ و ئەمڕۆیش بەرپرسانی ئێران دووپاتیان لەوە دەكردەوە، چیتر ئێران بەشداریی دانوستاندنەكان ناكات و گەرووی هورمزیان دووبارە بە ڕووی كەشتییە بازرگانییەكان داخستەوە.
گومانەكان لەبارەی گەیشتنی هەردوولا وڵات بە ڕێككەوتن زیاتر بوون، بەهۆی داخستنەوەی گەرووی هورمز و بەردەوامیی گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران. پێشتر گەورە دیپلۆماتكارێكی ئێران ئاشكرای كرد، ئەمەریكا نیازی باشی نییە و ڕژد نییە لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانیشتنەوە.
ئەو دیپلۆماتكارە باڵایەی ئێران بە ئیسحاق داری وەزیری دەرەوەی پاكستانی ڕاگەیاند، داواكانی ئەمەریكا لە دانوستاندنەكان زۆر قورسن و بەردەوامی هەڕەشەی بۆ سەر كەشتی ئێرانی و بەندەرەكانمان، ئاماژەی ڕوونن كە ئەمەریكا یاری دەكات و ڕژد نییە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بگەنە ئیسلام ئاباد، هەریەك لە ستیڤ ویتكۆفی نێردەی تایبەتی كۆشكی سپی و جارید كۆشنەری زاوای ترەمپ ئەندامیەتی لە شاندەكە دەكەن.
ڕۆژی 11ی نیسان/ئەپریل گەڕی یەكەمی دانوستاندن لە نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلام ئاباد و بە ناوەندگیری پاكستان ئەنجام درا، ئەمەیش دوای ئەوەی هەشتی نیسان/ئەپریل هەردوولا ڕێككەوتنی ئاگربەستیان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند.