كورد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بەشدار دەبێت

:: PM:12:57:20/04/2026 ‌
ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پێوەندییەكانی هەسەدە، لە لێدوانێكدا باس لە دوایین كۆبوونەوەی شاندی كورد لەگەڵ حكوومەتی سووریا دەكات و دەڵێ‌، "كورد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێ بەشدار دەبێت و پرسی ئازادكردنی دیلەكان و یەپەژە دانەخراون".

ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسان، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لێدوانێكی ئیلهام ئەحمەدی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "كورد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێ رۆڵی دەبێت، چونكە هاوبەشی سەرەكییە لە بنیاتنانی ئەو وڵاتە".

لە بەشێكی تری قسەكانی ئیلهام ئەحمەد، باس لە گیراو و دیلەكانی هەسەدە دەكات و دەڵێ‌، "پرسی گیراوەكان و دیلەكان هێشتا دانەخراوە و لە كۆبوونەوەكە لەگەڵ حكوومەتی سووریا دووپاتی كراوەتەوە دەبێت هەموویان بە نزیكترین كات ئازاد بكرێن".

لەبارەی یەپەژەیش كە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو هێزەی ژنان بخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئیلهام ئەحمەد گوتی، "هێشتا لە دۆسیەی یەپەژە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و ئەنجامی نوێ، بەڵام هێشتا لە كارنامەی گفتوگۆكاندایە، هەوڵی پێدانی خەسڵەتێكی فەرمی بە یەپەشە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تا بە رێككەوتن دەگەین".

لە كۆتایی لێدوانەكەیش ئەو بەرپرسەی هەسەدە گوتی، "لە پرسی یەكخستن هەندێك هەنگاو نراوە، بەڵام پرۆسەكە بە  هێواشی دەڕوات و لە دانانی  نوێنەرانی ناوچەكان پێشكەوتن هەیە، بەڵام پێویستە بۆ دامەزاندن لە وەزارەتەكان و بەڕێوەبەراییەتییەكان هەوڵ بدرێت".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل