ئیلهام ئەحمەد وردەكاری كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع خستەڕوو رای گەیاند، كورد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا ڕۆڵی دەبێت و هاوبەشی سەرەكییە لە بنیاتنانی وڵاتدا.
ڕۆژی 16ـی نیسان لە دیمەشق، لە نێوان شاندی ڕۆژئاوای كوردستان كە پێكهاتبوون لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی وەزیری و زیاد عایش كۆبوونەوەیان ئەنجام دا.
ئیلهام ئەحمەد لەبارەی سیستمی پەروەردەوە ڕای گەیاند، تا ئێستە بڕوانامەی قوتابیانی هەرێمەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەسند نەكراوە، بەڵام بڕیار وەرگیراوە لە ئایندەیەكی نزیكدا وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ دانانی میكانیزمێك سەردانی پارێزگای حەسەكە بكەن و ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت.
گوتیشی: تا ئێستە سیستمی كارگێڕی تەنیا بەرپرسیار بووە لە بەڕێوەبردنی بابەتی تەندروستی و پەروەردە و ئەو بەڕێوەبردنانەی كە تا ئێستە دەستنیشان نەكراون، بە زووترین كات دەستنیشان دەكرێن و میكانیزمێكی نوێ بۆ ئەم پرسە دادەمەزرێت، بۆ ئەوەی ئەركداركردن لە دامەزراوەكاندا تەواو بێت.
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە كرد، لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تێكەڵكردن و میكانیزمەكانی بەڕێوەبردنی و دەرئەنجامەكانی هەندێك هەنگاو گیراوەتەبەر، بەڵام پرۆسەكە بە هێواشی بەڕێوە دەچێت، هەنگاوی ئەرێنی نراوە لەڕووی بەهێزكردنی نوێنەرایەتی هەرێمییەوە، بەڵام لەبارەی بەهێزكردنی وەزارەت و دەستەكان هەنگاوگەلی پێویست ماوە بگیرێنەبەر.
لەسەر پرسی دەروازە سنوورییەكان ئەوەی خستەڕوو، میكانیزمی بەڕێوەبردن بۆ دەروازەی سێمالكا و دەروازە سنوورییەكانی تر دانراوە و لە چوارچێوەی پێشهاتەكانیشدا ئەو فەرمانبەرانەی كە لە ژێر ناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا كاریان كردووە، لەسەر بنەمای تێكەڵكردن بەردەوام دەبن لە كاركردن.
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەش كرد، لە جێبەجێكردنی میكانیزمەكەدا كێشەی زۆر سەریهەڵداوە، هەندێك لە بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكان پێشتر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەلایەن حكوومەتی كاتییەوە دامەزراون و ئەمەش كێشە دروست دەكات، دەبێت ڕێككەوتنێك هەبێت لەبارەی ئەو بەرپرسانە.
هەروەها ژمارەیەكی زۆر كارمەندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەن، نابێت دەربكرێن و دەبێت بۆ ئەركداركردنی ئەو كەسانەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پێشكەشی دەكات یان حكوومەتی كاتیی دیاری دەكات، لێكتێگەشتنێك هەبێت.
"ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ماوەیەكی زۆرە كار دەكات و ئەزموونی پەیدا كردووە، دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت، هەم لێهاتوویی و هەم ئەزموون گرنگن لە دیاریكردنی كەسانی بەرپرسیار، گۆڕانكارییەكە لەسەر بنەمای شارەزایی دەبێت، گرنگ خزمەتكردنی كۆمەڵگە و نوێنەرایەتیكردنە، كورد، سریانی و عەرەب لەم ناوچەیە پێكەوە دەژین". ئیلهام ئەحمەد وای گوت
ئیلهام ئەحمەد گوتیشی: پرسی نوێنەرایەتی و ئیرادەی ژنان هێشتا كێشەی هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە ژنان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا كاریان كردووە، لەڕووی هەیكەلییەوە فۆرمەكانی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و حكوومەت وەك یەك نین، تا ئاستێك لە یەك دەچن، بەڵام لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك نین، لە چوارچێوەی تێكەڵكردندا ناوی ژن و پیاو پێشكەش دەكرێت بۆ ئەركداركردن.
هاوكات تا ئێستە بەڕێوەبەریی پەروەردە و تەندروستی دیاری كراون و هەردووكیان پیاون، بۆیە دەبێت بەشداریكردنی ژنان وەك تایبەتمەندییەكی تایبەت سەیر بكرێت، ڕۆڵێكی گرنگی پێ بدرێت، لەم ڕووەوە سەختی و ئاستەنگی رژد هەیە.
ئیلهام ئەحمەد لەسەر پرسی یەپەژە ڕای گەیاند، هەرچەندە هیچ ئەنجامێكی نوێ بۆ یەپەژە لە گفتوگۆكاندا دەرنەكەوتووە، بەڵام هێشتا لە ڕۆژەڤدایە، گفتوگۆ لەسەر بە فەرمیكردنی یەپەژە لە ڕۆژەڤی حكوومەتی كاتیشدایە، ئەمەش تا ڕێككەوتنێك دەكرێت بەردەوام دەبێت.
هەروەها یەكێك لە پرسەكانی ئەنتیگراسیۆن هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارێزگاكانی حەسەكە و كۆبانێیە بۆ پەرلەمان، ئەنجوومەنی گەلی سووریا، ئێستە ئامادەكاری بۆ ئەم كارە لە ڕێگەی كۆمیتەی ناوەندی و كۆمیتەی ئامادەكاری پارێزگای حەسەكەوە ئەنجام دەدرێت و كۆمیتەی ئامادەكاری دەستپێشخەری هەیە.
لەبارەی پرسی ئامادەكردنی دەستووری نوێی سووریا گوتی: دوای پرسی دیاریكردنی نوێنەرانی ڕۆژئاوا بۆ پەرلەمان، پرسی دەستووریش بەرژدی دێتە بەرباس و كورد ڕۆڵی دەبێت لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا، سووریا پێویستی بە دەستوورێكی نوێیە و بۆ ئەوەش پێویستی بە كۆمیتەیەكە نوێنەرایەتیی هەموو نەوەتەكان بكات، كورد هاوبەشی سەرەكییە لە بنیاتنانی ئەم وڵاتە، بۆیە دەبێت ڕۆڵێكی گرنگیان هەبێت، ئەمەش لە داهاتوودا بەدی دێت.
ئیلهام ئەحمەد لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كرد، پرسی گیراوەكان هێشتا لە ڕۆژەڤدایە و لە كۆبوونەوەكانیاندا دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، دەبێت هەموویان بەزووترین كات ئازاد بكرێن.