لە عێراق پێدانی ڤیزەی ئەلیكترۆنی راگیرا

:: PM:04:22:20/04/2026 ‌
دوای ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریكی شێلی كاتستۆن لە مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنی بۆ هاووڵاتییانی چەند وڵاتێكیان داوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی نیسان، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنی بۆ هاووڵاتییانی چەند وڵاتێكیان داوە، ئەو بڕیارە وەك ڕێكارێكی خۆپارێزیی كاتی بەهۆی دۆخی تەناهییەوە دراوە، لە كاتی سەقامگیریی دۆخەكە سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنی دەست پێ دەكاتەوە.

سەرچاوەكەی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، سیستمی داواكاری ئۆنلاین بەردەستە، بەڵام ئێستە داواكارییە پێشكەشكراوەكان بەبێ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ هەڵدەپەسێنرێت، لەم كاتەدا هیچ ڕەزامەندییەك دەرناچێت، بڕیاری ڕەتكردنەوەش دوای ماوەیەك بۆ دوو هەفتە دەنێردرێتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، بڕیارەكە ژمارەیەك وڵاتی لەخۆ گرتووە، لەوانە كەنەدا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ڕووسیا، چین و ژاپۆن، پێشتر هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە لە ڕێگەی سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنییەوە دەچوونە ناو عێراقەوە، ئەمەش پێویستی بە پێشكەشكردنی داواكاری ئۆنلاین و چاوەڕوانی ڕەزامەندی لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە هەیە.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی كردەوە، لایەنە پێوەندیدارەكان بەفەرمی و ئیمەیڵەوە وڵاتانیان لەو بڕیارەیان ئاگادار كردووەتەوە، بڕیارەكە هەموو هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەی پێشتر ئاماژەیان پێكراوە دەگرێتەوە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنە تەناهییانەی كە لە هەلومەرجی ئێستەدا گیراوەتەبەر.

لە سەرەتای ئەمساڵدا عێراق بۆ ئاسانكاریی زیاتر، سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنیی كارا كرد، شایانی باسە پێشتر دەسەڵاتدارانی عێراق مەرجی ڤیزەیان لەكاتی گەیشتنیان بۆ هاووڵاتییانی 37 وڵات بۆ عێراق هەڵگرتبوو، لەوانەش ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، دەیانتوانی بە ڤیزەی ئەلیكترۆنی گەشت بۆ عێراق بكەن.



وشە - رامیار جەواد