شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا بەڕێگەوەیە بەرەو پاكستان

:: PM:04:50:20/04/2026 ‌

سبەی دوا وادەی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكایە لەو ئاگربەستە كاتییەی لە 8ی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو هەفتە هاتە راگەیاندن، یەكەم گەڕی دانوستانەكان لە 11ی ئەم مانگە هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە، دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە شاندی دانوستانكاری وڵاتەكەی بەرەو پاكستان بەڕێ كەوتوون، ئێرانیش دووپاتی كردەوە كە هێشتا بڕیاری بەشداریكردنیان نەداوە.

رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە بڕیارە شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوو بگاتە پاكستان، لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە جەی دی ڤانسی جێگری و ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەت و گارید كۆشنەر راوێژكار و زاواكەی بەڕێگەوەن بەرەو پاكستان، ئاماژەی كرد كە ئامادەیە بۆ دیداری بەرپرسانی باڵای ئێران ئەگەر پێشوەچوون لە دانوستانەكان هەبێت. 

سەرەڕای ئەوەی ئێران دەڵێت كە ئێستە هیچ پلانێكی بەدەستەوە نییە بۆ رەوانەكردنی شاندی دانوستانكاری بۆ ئیسلام ئاباد بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا، بەڵام سەرچاوە پاكستانییەكان گوتیان، ئەمڕۆ دوو فڕۆكەی سەربازی و مەدەنیی ئەمەریكی لە بنكەی ئاسمانیی نوورخان لە نزیك ئیسلام ئاباد نیشتوونەتەوە، سەرچاوە پاكستانییەكان پێشبینیان كرد بەشێك لە شاندی دانوستانكاری ئەمەریكی لەسەر یەكێك لە فڕۆكەكان بووبێت، بەتایبەتی یەكێكیان تایبەتە بە گواستنەوەی بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا. 

دوێنێ و بەر لە گەڕی دووەمی دانوستانەكان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند لێدوانێكی دا بەوەی شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێ دەكەوێت كە لە ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر پێك هاتووە، گوتی كە پێشنیازی رێككەوتنێكی گونجاویان بە ئێران داوە، رووی هەڕەشەی كردە ئێران كە ئەوە دوایین هەلە بۆ تاران بۆ رێككەوتن، ئەگەرنا وڵاتەكە وێران دەكات، لای خۆیەوە ئێران رای گەیاند كە بڕیاری بەشداریكردن لە دانوستانەكان و رەوانەكردنی شاندیان نەداوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل