ترەمپ: لە چەند سەعاتی داهاتوو شاندی ئەمەریكا دەگاتە پاكستان

:: PM:05:01:20/04/2026 ‌

بڕیارە بەر لە تەواوبوونی ئاگربەستە كاتییە دووهەفتەییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە لە 8ی ئەم مانگە دەستی پێ كرد، دووەم گەڕی دانوستانەكان لە نێوان شاندی هەردوولا راستەوخۆ لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە شاندی ئەمەریكا لە چەند سەعاتی داهاتوو دەگاتە پاكستان.

رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"ی ئەمەریكی لە ترەمپی گواستەوە كە بڕیارە لە چەند سەعاتی داهاتوو جەی دی ڤانس و شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا بگەنە پاكستان، ئەوان بەڕێگەوەنە و لە چەند سەعاتی داهاتوو دەگەن، بڕیارە گەڕێكی تری دانوستان لەگەڵ ئێران بكەین، ناوەڕۆكی دانوستانەكە یەك داواكاری لەخۆ گرتووە و مایەی گفتوگۆكردن نییە، ئەویش دەستبەرداربوونی ئێرانە لە هەوڵی بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

ترەمپ ئاماژەی كرد، ئەگەر پێشوەچوون لە دانوستانەكان هەبێت، ئامادەم چاوم بە سەركرە باڵاكانی ئێران بكەوێت، ئێمە بیرۆكەی زۆر باشمان لەبارەی سەركردەكانی ئێران هەیە و پێم وایە لەگەڵ كەسانی گونجاو مامەڵە دەكەین.  

ئەمە و ئیسلام ئابادی پایەتەختی پاكستان خۆی بۆ مێوانداریكردنی دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا ئامادە كردووە، ئەگەرچی تا ئێستە هەڵوێستی ئێران بۆ بەشداریكردن روون نییە، بەڵام دوێنێ سەرۆك وەزیرانی پاكستان لەگەڵ سەرۆكی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان كردووە، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكیش دەڵێت، حكوومەتی پاكستان دوو هوتێلی لە ناوچەی سوور لە ئیسلام ئاباد بۆ پێشوازیكردن لە شاندی هەردوو وڵات چۆڵ كردووە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل