دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دەداتە ئێران و رای دەگەیەنێت، كاتێكی زۆریان لە بەردەم نەماوە بۆ ڕێككەوتن، سوپای ئەمەریكا بۆ بژاردەی سەربازی و دەستوەردان ئامادەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە كەناڵی CNBC ئەمەریكی راگەیاند، دۆخی ئێران بە ڕێككەوتنێكی گەورە كۆتایی دێت و تاران دەتوانێ لەو ڕێگەیەوە بارودۆخی خۆی باشتر بكات. ترەمپ دووپاتی كردەوە كە نایەوێت ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژ بكاتەوە و گوتی: "كاتێكی زۆرمان لە بەردەمدا نییە و ئەوەی لە ئێران ڕووی دا گۆڕینی ڕژێم بوو."
هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەیش كرد، ئەو و سوپای وڵاتەكەی لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ ئەنجامدانی دەستوەردانی سەربازی ئەگەر پێویست بكات.
هاوكات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، بڕیارە هەردوو شاندی ئەمەریكا و ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستاندن، بەرەو ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان بكەونە ڕێ. شاندی ئەمەریكا لەلایەن جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكاوە سەرۆكایەتی دەكرێت، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانیش سەرۆكی شاندی وڵاتەكەی دەبێت.
ئاماژە بەوەیش كراوە كە لە ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن، چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ خۆی لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ڕاستەوخۆ بەشداریی لە گفتوگۆكاندا بكات.