بڕیارە سبەی چوارشەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا بەی مەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببنەوە، شارەزایان پێَیان وایە زەحمەتە هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەكە بتوانن سبەی خۆیان یەكلا بكەنەوە و بەسەر ناكۆكییەكانیان زاڵ ببن، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی شەوی رابردوو رووی دا.
ناكۆكییەكانی ناو ماڵی
شیعە لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران زۆر قووڵە و گەیشتووەتە رێگەیەكی داخراو، ئەوەش بەهۆی دەستگرتنی كاندیدەكان بە پۆستەكە و رەتكردنەوەی پاشەكشەكردن، بەتایبەتی نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی.
شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گەیشتن بە رێككەوتن و یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكە شكستی هێنا و كۆبوونەوەكەی بۆ سبەی چوارشەم دواخست، لەوكاتەی یەكشەمی داهاتوو وادەی دەستووری دیاریكردنی كاندیدەكە كۆتایی دێت، بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە كۆبوونەوەی شەوی رابردوو هەموو لایەنەكان، 12 لایەن، لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوور بوونە، نووری مالیكی داوای لە چوارچێوە كردووە كشاندنەوەی لە بەیاننامەیەكی فەرمی رابگەیەنێت، كەچی زۆرینەی سەركردەكانی شیعە رەتیان كردووەتەوە ئەوەیان بە ملكەچی بۆ سەرۆكی ئەمەریكا داناوە دوای رەتكردنەوەی كاندیدبوونی مالیكی.
هەر بەپێی سەرچاوەكان سوودانی داوای لە چوارچێوە كردووە بۆ مانەوەی وەك سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی پاڵپشتی بكەن، بەڵام مالیكی بەوە رازی نەبووە، داوای كردووە كە دەنگ بە ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی بدرێت، بەڵام زۆرینەی لایەنەكانی چوارچێوە رازی نەبوونە، هاوكات باسم بەدری ئەویش ئەو پاڵپشتییەی بەدەست نەهێنا بۆ ئەوەی وەك كاندید بێتە راگەیاندن، كە دەنگی هەشت لایەن لە كۆی 12 لایەنی بەدەست هێنا، لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر هەیە كۆبوونەوەی سبەی چوارشەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەویش بێ ئەنجام كۆتایی بێت، ئەوەش وای كردووە هەندێك لە سیاسەتوانان داوا بكەن دوو ناو وەك كاندیدی بۆستەكە دیاری بكرێن و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.