ئەمڕۆ سێشەم 21ی نیسانی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئەو کەس و قەوارانەدا ڕاگەیاند کە پێوەندییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە سزایان خستووەتە سەر 14 کەس، قەوارە و فڕۆکە کە بنکەکانیان لە ئێران، تورکیا و ئیماراتە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە کڕین یان گواستنەوەی چەک و پارچەی چەک بۆ ڕژێمی ئێران.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە لەناوبردنی یەدەگی مووشەکی بالیستیی ئێران، ڕژێمەکە هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی توانای بەرهەمهێنان دەدات. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئێران بۆ بەئامانجگرتنی ئەمەریکا، هاوپەیمانەکانی و ژێرخانی وزە لە ناوچەکەدا، زیاتر پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری یەکئاراستەی جۆری "شاهید" دەبەستێت. ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە بەرنامەی "تووڕەیی ئابووری"، وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر ئاسایشی جیهان.
لای خۆیەوە سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی، دەبێت لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئێران بکرێت لەسەر هەڕەشەکانی بۆ سەر بازاڕەکانی وزەی جیهان و بەئامانجگرتنی هەڕەمەکیی خەڵکی سڤیل بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. زیاتر گوتی، لە سایەی سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ و وەک بەشێک لە بەرنامەی تووڕەیی ئابووری، وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی پارەکان و بەئامانجگرتنی سەرەڕۆییەکانی ڕژێمی ئێران و پاڵپشتیکارانی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە ئەمڕۆدا، یەکێتیی ئەوروپا فراوانکردنی سزاکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی "پێشێلکارییەکانی ئازادیی کەشتیوانی"ش بگرێتەوە. لەم بارەیەوە کایا کالاس کۆمیساری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداریی دا و گوتی، "ئەگەر ئەمشەو شەڕ دەست پێ بکاتەوە، ئەوا باجەکەی بۆ سەرجەم لایەنەکان زۆر قورس دەبێت."