حكوومەتی بەریتانیا ئاشكرای كرد، پلاندانەرانی سەربازی زیاتر لە 30 وڵاتی دنیا ئەمڕۆ چوارشەم لە لەندەن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ كۆ دەبنەوە، ئامانجی ئەو كۆبوونەوەیش دۆزینەوەی میكانیزمێكە بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز و دانانی پلانێكی زۆر ڕژد و پڕ لە وردەكارییە.
ئەو قسانەی
لەندەن لە كاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 10 وڵاتی دنیا ئامادەیی خۆیان بۆ هاتنە ناو ئەو ئەركە نێودەوڵەتییە بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز بە سەركردایەتیی بەریتانیا و فڕەنسا دەربڕی. ئامانجی ئەو دەسپێشخەرییەی لەندەن و پاریسیش پاراستنی ئازادی كەشتیوانییە لە گەرووی هورمز، بە جۆرێك هیچ وڵاتێكی ناوچەكە مافی ئەوەی نەبێت، وەك كارتێكی فشار هورمز بەكار بهێنێت.
پێشتر نزیكەی 50 وڵاتی ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداریی كۆنگرەی هەوڵەكان بۆ كردنەوەی گەرووی هورمزیان كرد، لەندەن و پاریس پێی هەستابوون و ئامانجیان گەیاندنی پەیامێك بوو بە كۆدەنگی بە سەرۆكی ئەمەریكا، تا هاوكاری واشنتن لە كردنەوەی گەرووی هورمز بكەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ڕەتی كردەوە و گوتی، پێویشتمان بە یارمەتی هاوپەیمانان نییە.
دوای ئەو كۆنگرەیە كە بە ڤیدیۆ كۆنفرانس ئەنجام درا، ئەمە دووەم كۆبوونەوەیەی ئەو وڵاتانەیە كە دەیانەوێ گەرووی هورمز بكرێتەوە، ئەمڕۆ و سبەیش پلاندانەرانی سەربازی ئەو وڵاتانە كۆ دەبنەوە، تا پلانێكی تۆكمە و ورد بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و پاراستنی لە هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەك دابڕێژن.