وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتی دەكاتەوە كە كارتی زانیاری هەڵبوەشێنرێتەوە. ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هێشتا بە فەرمی ماوە و لە داودەزگاكاندا بەكار دەهێنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسان، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بەدواداچوونی بۆ ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە كردووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو بوونەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كارتی زانیاری لە داهاتوودا.
وەزارەتەكە رەتی كردەوە و دووپاتی لەوە كردەوە كە كارتی زانیاری هێشتا پەسندكراوە، بەشێوەیەكی ئاسایی لە هەموو داودەزگا فەرمییەكاندا بەكار دەهێنرێت و هیچ بنەمایەك بۆ ئەو قسانە نییە كە باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەكەن.
وەك خۆیان دەڵێن، بەردەوامن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئەلیكترۆنی كە ئامانجی رێكخستن و بەدیجیتاڵكردنی داتاكانی نیشتەجێبوونە، وەك هەنگاوێك بۆ یەكخستنی لە داهاتوودا لەگەڵ كارتی نیشتمانیی یەكگرتوو، كە چاوەڕوان دەكرێت كارایی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان بەرز بكاتەوە.