ئێران: یەكەم باجمان لە گەرووی هورمز بە تومەن وەرگرت

:: PM:04:11:23/04/2026 ‌
حەمید ڕەزا حاجی بابایی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، وڵاتەكەی دەستی كردووە بە وەرگرتنی باج لەو كەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، یەكەم بڕی پارەی ئەو باجانەش خراوەتە سەر هەژماری بانكی ناوەندی ئێران.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسان، حاجی بابایی لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا رای گەیاند، "گەرووی هورمز موڵكی گەلی ئێرانە و یاسایەكی تایبەتی بۆ دەردەكەین، پێویستە هەموو ئەو كەشتییانەی بەم رێڕەوەدا تێپەڕ دەبن، باجەكەی بە تومەنی ئێرانی بدەن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد، ئێران تەنیا هێزە كە هەزاران مووشەكی ئاراستەی كەشتییە ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان كردووە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، حاجی بابایی هەڕەشەی توندی ئاراستەی هەندێك وڵاتانی ناوچەكە كرد و گوتی، "ئەو وڵاتانەی فڕۆكەخانە و هوتێلەكانیان دەخەنە خزمەت بۆ تیرۆركردنی كەسایەتییەكانی ئێران، پێویستە لە یەك كاتدا فڕۆكەخانە، هوتێل و فەرمانڕەواكانیان بكرێنە ئامانج."

ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە %20ـی نەوت و %35ـی گازی دنیا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، كۆنترۆڵكردنی ئەم شوێنە و وەرگرتنی باج، سەلمێنەری رۆڵی كاریگەری ئێرانە لە ئابووری نێودەوڵەتیدا.



وشە - وشه‌