ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی توندی ئاراستەی ئێران کرد و ڕای گەیاند کە موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، دەبێتە یەکەمین ئامانجی ئیسرائیل ئەگەر شەڕ دەست پێ بکاتەوە.
کاتس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دژی ئێران و ئامانجەکانمان دیاری کردووە، ئێران دەگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی تاریکی. زیاتر گوتی، "چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمەریکاین بۆ لەناوبردنی بنەماڵەی خامنەیی و گەڕاندنەوەی ئێران بۆ چاخی بەردین."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە هێرشی ئەمجارە بۆ سەر ئێران زۆر جیاواز و کوشندەتر دەبێت و بنەماکانی ئەو وڵاتە دەهەژێنێت. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر شەڕ دەست پێ بکاتەوە، گورزی وێرانکەر لە ئازاربەخشترین خاڵەکانی ئێران دەوەشێنین.
لەلایەکی ترەوە و پێشتر لە ئەمڕۆدا، حوسێن نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی پێشبینیی پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکات و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ دوو ڕۆژ لەمەوبەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند بۆ پێدانی دەرفەت بە دانوستانەکان، بەڵام هۆشداریی دا کە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ ئێران تا وەڵامێکی یەکگرتوو بە داواکارییەکانی ئەمەریکا بداتەوە. بڕیار بوو پاکستان لەم ڕۆژانەدا میوانداریی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان بکات، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنەکانی نێوان هەردوولا شکستی هێنا.
لە بەرانبەردا، ئێران ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی ئاگربەست بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی، لە کاتێکدا واشنتن دووپاتی دەکاتەوە کە تا نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی، گەمارۆکان هەڵناگرێت.