قالیباف دەست لە شاندی دانوستانکاری ئێران دەکێشێتەوە

:: PM:08:56:23/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە محەمەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەستی لە شاندی دانوستانکاری ئێران کێشاوەتەوە. بەپێی کەناڵەکە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی قالیباف بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەتی کردووەتەوە سوپای پاسداران دەستوەردان لە پرۆسەی دانوستانەکاندا بکات.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئیسرائیل ڕایان گەیاندووە، تەلئەبیب چووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران و فڕۆکەی نوێی ئەمەریکی گەیشتوونەتە ئیسرائیل.

لەم بارەیەوە بەرپرسێکی ئەمەریکی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا 19 کەشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە کە دوانیان کەشتیی فڕۆکەهەڵگرن.

لەلایەکی ترەوە، کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە فڕۆکەی تری ئەمەریکی تایبەت بە دابینکردنی سووتەمەنی گەیشتوونەتە ئیسرائیل. هاوکات کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی دووپاتی کردەوە کە بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و سوپای ئەمەریکاش لە ڕێی پردێکی ئاسمانییەوە بەردەوامە لە گواستنەوەی چەک بۆ ناوچەکە.


وشە - پۆڵا مەحموود