شەپۆلێکی تاوەبارانی بەهاری و هەورەترشقە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوە

:: AM:11:01:24/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ئاماژە بە بارینی نمەباران و هەورەترشقە لە چەند ناوچەیەک دەکات.

بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان بەگشتی پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، لە هەندێک کات و شوێنیش بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. لە کاتەکانی نیوەڕۆ تا ئێوارە، پێشبینیی نمەباران و بارانی مامناوەند دەکرێت بەشێوەی تاوەبارانی بەهاری و هەورەترشقە، کە ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئیدارەی سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری تا سنووری دێگەڵە، باشووری پارێزگای سلێمانی، ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک، سەنتەری پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری دەگرێتەوە. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10 تا 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا) و لە هەندێک کاتیشدا چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا. مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە: هەولێر 23، پیرمام 22، سۆران 19، حاجی ئۆمەران 14، سلێمانی 22، چەمچەماڵ 25، دهۆک 25، زاخۆ 26، هەڵەبجە 26 و گەرمیان 28 پلەی سیلیزی.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو 25ی نیسانی 2026، ئاسمان بەگشتی لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لە هەندێک کات و شوێنیش بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. پێشبینیی نمەباران و بارانی مامناوەند و تاوەبارانی بەهاری دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (5 تا 15 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا) و ئاراستەی با گۆڕاو دەبێت. مەودای بینین لە نێوان نۆ بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، بە بڕی یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی شەموو: هەولێر 24، پیرمام 23، سۆران 20، حاجی ئۆمەران 13، سلێمانی 23، چەمچەماڵ 26، دهۆک 25، زاخۆ 25، هەڵەبجە 27 و گەرمیان 29 پلەی سیلیزی.


وشە - پۆڵا مەحموود