ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، میدیاکانی ئیسرائیل وردەکاریی تۆمەتبارکردنی دوو فەرمانبەری تەکنیکیی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلیان ئاشکرا کرد کە تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران، لە ڕێگەی دزەپێکردنی زانیاریی تەکنیکی و وێنەی پێگە هەستیارەکان.
بەپێی ڕۆژنامەی "هائارێتیس"ـی ئیسرائیلی، لە لیستی تۆمەتەکاندا هاتووە کە ئەو دوو کەسە وێنەی ڕێڕەوی فڕین، گەراجی پارێزراوی فڕۆکەکان و سیستمی تەکنیکیی پێشکەوتووی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "F-15" و نەوەی پێنجەمی "F-35"ـیان گرتووە و ناردوویانە. ئەم پێشهاتەش وای کردووە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بڕیاری بەپەلە دەربکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلی زیرەکی سەرجەم تیمە تەکنیکی و میکانیکییەکان لە ناو بنکە ئاسمانییەکان، هەروەها بەکارهێنانی مۆبایل لەو شوێنانە قەدەغە بکات کە فڕۆکە و سیستمی هەستیاریان تێدایە.
پێشتر لە ڕۆژی چوارشەمی ڕابردوو، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕای گەیاندبوو کە دوو تەکنیککاری هێزی ئاسمانی بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران تۆمەتبار دەکرێن. ڕوونی کردبووەوە کە تۆمەتبارەکان لە بنکەی ئاسمانیی "تەل نۆڤ" لە نزیک ئەشدۆد کار دەکەن و چالاکییە هەواڵگرییەکانیشیان لە کاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ناسراو بە "نەڕەی شێر" ئەنجام داوە.
هەروەها دەستەکە ئاماژەی بەوە دابوو، گومانەکان تەنیا لەسەر دزەپێکردنی زانیاریی تەکنیکی نین، بەڵکوو داوایان لێ کراوە زانیاری لەسەر کەسایەتییە باڵاکانی تەناهی و سیاسی کۆ بکەنەوە، لە نێویاندا هێرتسی هالیڤی سەرۆک ئەرکانی پێشووی ئیسرائیل و ئیتامار بن غڤیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە داواکاری گشتیی ئیسرائیل، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا فەرمانبەرێکی هۆتێلێکی لە دەریای مردوو بە سیخوڕیکردن بۆ تاران تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی دەرکەوت لە ڕێی نامەی ئەلیکترۆنییەوە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێ کردووە، وێنە و زانیاریی لەسەر ناوچە گەشتیارییەکان داوەتە لایەنە ئێرانییەکان.