بە بەڵگەوە دەردەكەوێت یەكێتی چەكەكانی ئەمەریكای دزیوە

:: PM:09:32:24/04/2026 ‌
بەپێی بەڵگەیەكی ڤیدیۆی دەردەكەوێت یەكێتی ئەو چەكانەی بردووە كە ئەمەریكا بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داوە، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەكان هەر یەكێتیش زانیاری بە ئێران و میلیشیاكانی سەربە ئێران داوە بۆ ئەوەی بۆردمانی بنكە ئەمەریكیەكانی سنووری سلێمانی و بارەگاكانی كوردانی رۆژهەڵات لە شارەكە بكەن.

ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسان، بەگوێرەی بەڵگەیەكی ڤیدیۆیی كە لە وشە بڵاوكراوەتەوە، دەردەكەوێت یەكێتی ئەو چەكانەی وەرگرتووە كە ئەمەریكا بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داوە. لەسەرەتا هەڵگیرسانی شەڕی ئەمەریكا و ئێران هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەمەریكا بەنیازە چەك بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تایبەتی هێزە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات، بۆیە ئەوەی هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ئەوانیش هێرش بكەن و لە رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران بەشدار بن. دواتریش ئەوە بڵاو كرایەوە كە چەكەكانە هەناردە كراون.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، ئەو چەكانەی كە ئەمەریكا بۆ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی رەوانە كردووە، نەگەیشتووەتە دەست ئۆپۆزسیۆن،ئەو ئەو لایەنەی کە دەبووایە بیگەیەنن نەیانگەیاندووەتە جێگای مەبەست و باجی ئەم کارەیان دەدەن. 

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی لە وشە بڵاو دەكرێتەوە، دەردەكەوێت یەكێتی چەكەكانی وەرگرتووە، بەگوێرەی زانیارییەكان یەكێتی بەڵێنی بە ئەمەریكییەكان داوە چەكەكان بە ئۆپۆزسیۆن بدات، بەڵام ئێستە خۆی چەكەكانی حەشار داوە، هەر یەكێتیش بە ئێرانییەكانی راگەیاندووە و گوتویەتی، "ئێمە چەكەكانمان وەرگرتووە، بەڵام رێگربووین لەوەی بگاتە دەستی ئۆپۆزسیۆنی ئێران".

یەكێتی بەوەیش نەوەستاوە، بەڵكو زانیاری وردیان داوەتە دەست هێزەكانی ئێران و میلیشیاكانی عێراق ئەوانەی سەربە ئێران. زانیارییەكانیش سەبارەت بە بنكەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و تەنانەت لە سەر ئەو ناوەندانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بووە لە سنووری سلێمانی. لە ئەنجامی ئەو كارەی یەكێتیش چەند جارێك لە بنكەكانی ئەمەریكا لە سنووری سلێمانی درا، هەر لەسەر بنەمای زانیاری خودی یەكێتی.

بەڵگەیش بۆ ئەمە، ئەوەیە تەنیا بازنەیەكی بچووكی بەرپرسانی یەكێتی دەیانزانی ئەو بنكانەی ئەمەریكا لە سنووری سلێمانی هەبن. كەچی بە پێچەوانەی ئەو كارانە، بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی لەم ئیحراجی و یارییە قێزەوەنەی دەربچێت، لە دیمانەیەکی تەواو ناراستیدا لەگەڵ پیرس مۆرگن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەوان چەکەکانیان دزیوە، چەواشەکارانە باس لە دوو ئیدارەیی دەکات و بۆ لابردنی سەرنج لەسەر خۆی وەڵامی پرسیارەکە بە لاڕێدا دەبات. بەم بەڵگانەی ئەمڕۆ بڵاو دەكرێنەوە، جاریکی دیکە یارییە قێزەونەکانی سەرانی یەکێتی بۆ هەموو لایەک روون دەبنەوە.

پێشتریش دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە X بڵاوی کردەوە کە چەکەکان دراون بە بافڵ تاڵەبانی و ئەوە دووەم جارە ئەمەریکا سەرچاوەی هەڵە دەدۆزێتەوە بۆ چالاکییە نهێنییەکانی.




وشە - وشه‌