بەریتانیا: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی سۆماڵ ڕفێنراوە

:: PM:06:29:25/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، دەستەی ئۆپراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) ڕای گەیاند کە ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی سۆماڵ ڕفێنراوە.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕاپۆرتیان پێ گەیشتووە لەسەر "ڕووداوێک" لە دووری نزیکەی 90 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ماریۆ لە ڕۆژهەڵاتی سۆماڵ. دەسەڵاتە سەربازییەکانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە چەند کەسێکی نەناسراو و بێ مۆڵەت، کۆنترۆڵی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەیان کردووە و بەرەو باشوور بە دووریی 77 میل دەریایی بۆ ناو ئاوە هەرێمییەکانی سۆماڵیان بردووە، تا ئێستەش دەسەڵاتدارانی سۆماڵ هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێنجشەمی ڕابردوو، هەمان دەستەی بەریتانی ڕفاندنی کەشتییەکی ماسیگرتنی کە ئاڵای سۆماڵی هەڵکردبوو، لەلایەن "11 چەکدارەوە" ڕاگەیاند، دووپاتیشی کردەوە کە کۆبوونەوەی ئەم ڕووداوانە ئاماژەیە بۆ بوونی هەڕەشەی ڕاستەقینەی چەتەیی دەریایی.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووشدا، هێرشبەران توانییان بچنە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی سۆماڵەوە دوور بوو، هەروەها لە مانگەکانی پێشتریشدا دوو ڕووداوی هاوشێوە تۆمار کرابوون.

جێی باسە سۆماڵ مێژوویەکی درێژی لەگەڵ چەتەیی دەریاییدا هەیە کە لە ساڵی 2011 گەیشتە لووتکە، بەڵام دواتر بەهۆی جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییە نێودەوڵەتییەکان و دانانی پاسەوانی چەکدار لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان، ڕێژەکە زۆر دابەزی. لەم مانگانەی دواییدا چەند ڕووداوێک ترسی گەڕانەوەی چەتەیی دەریاییان لە کەناراوەکانی قۆچی ئەفریقا دروست کردووەتەوە. هاوکات گرنگیی ستراتیجیی گەرووی بابولمەندەب زۆر زیاتر بووە، ئەوەش دوای داخستنی گەرووی هورمز کە پێشتر 20٪ـی بەرهەمی نەوت و گازی سروشتیی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.


وشە - پۆڵا مەحموود