ماکرۆن: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

:: PM:06:42:25/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، پاتریک پویانێ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسی بۆ وزە، هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی قەیرانی هاتوچۆی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ داڕمانی خواستی جیهانی لەسەر نەوت.

ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری پویانێوە گواستیەوە، "ناکرێت ڕێ بدرێت 20%ـی یەدەگی نەوت و گازی جیهان گیر بخوات بەبێ ئەوەی لێکەوتەی گەورەی لێ بکەوێتەوە. لە هەمان کاتیشدا ئاژانسی "بلومبێرگ"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە کە شۆکی لەدەستدانی یەک ملیار بەرمیل نەوت کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، خەریکە دەبێتە هۆی "داڕمان" لە خواستی جیهانی.

لە بەرانبەر ئەم پێشهاتانەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا دووپاتی کردەوە کە سەرنجی خستووەتە سەر ئەو هەوڵانەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەدرێن. ئەمەش ڕۆژێک دوای هۆشدارییەکەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتاڵ دێت سەبارەت بە دروستبوونی کەمیی وزە لە جیهاندا ئەگەر شەڕ دژی ئێران لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام بێت.

ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە ئەسینا ڕای گەیاند، دڵەڕاوکێی نێودەوڵەتی بەهۆی نادیاریی جیۆپۆلەتیکی، دەتوانێت خۆی لە خۆیدا ببێتە هۆی کەمبوونی وزە.

سەرۆکی فڕەنسا دووپاتی کردەوە، ئامانجی ئێمە کردنەوەی تەواوەتیی گەرووەکەیە لە چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوودا، ئەوەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی بەبێ دانی هیچ جۆرە باجێک بۆ تێپەڕبوون، ئەو کاتە دەکرێت دۆخەکە وردە وردە بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.


وشە - پۆڵا مەحموود