ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڵوەشاندنەوەی سەردانی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بۆ پاکستان ڕاگەیاند.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی ئەمەریکی گوتی، ستێڤ ویتکۆف و جێرارد کوشنەر-م وەک دانوستانکاران ئاگادار کردەوە کە گەشتێکی 18 سەعاتی نەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هیچ بکەن. هەروەها دووپاتی کردەوە، بڕیارم دا سەردانی ویتکۆف و کوشنەر بۆ دیدار لەگەڵ ئێرانییەکان لە ئیسلام ئاباد هەڵبوەشێنمەوە.
لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە کە هیچ نیشانەیەکی پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا نابینرێت. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە دا کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، ئیسلام ئابادی جێهێشتووە، ڕوونیشی کردووەتەوە کە بڕیار نەبووە عێراقچی چاوەڕێی گەیشتنی شاندی ئەمەریکی بۆ پاکستان بکات.
ئاکسیۆس باسی لەوەیش کردووە، ئەگەری هەیە عێراقچی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بگەڕێتەوە پاکستان بۆ دیدار لەگەڵ ئەمەریکییەکان، هاوکات دووپاتی کردووەتەوە، ستێڤ ویتکۆف و جێرارد کوشنەر هێشتا لە شاری مەیامین لە ئەمەریکا و گەشتیان بۆ پاکستان نەکردووە.
پێشتر لە ئەمڕۆدا، عەباس عێراقچی لەگەڵ شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە ئیسلام ئاباد دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆسیەی ئاگربەستیان تاوتوێ کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕای گەیاند، عێراقچی لە دیدارەکەدا هەڵوێستی تارانی لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهاتنی شەڕ ڕوون کردووەتەوە و ئاماژەی بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان کردووە.