عەباس عێراقچی: چاوەڕێی تاقیکردنەوەی ڕژدیی ئەمەریکاین لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا

:: PM:08:27:25/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتنی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی بۆ مەسقەتی پایتەختی عومان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی ڕاگەیاند، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر ڕەوتی قەیرانەکان.

عێراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە سەردانەکەی پێشووی بۆ پاکستان زۆر بەرهەمدار بووە، ڕوونیشی کردەوە کە لە میانی سەردانەکەیدا هەڵوێستی ئێرانی خستووەتە ڕوو سەبارەت بە چوارچێوەیەکی کردەیی و شیاوی جێبەجێکردن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بەشێوەیەکی هەمیشەیی.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە تاران چاوەڕێی تاقیکردنەوەی ئاستی ڕژدیی ئەمەریکایە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی، دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی تێڕوانینێکی ڕوونی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە پێشکەش کردووە، بەڵام سەرکەوتنەکەی بەندە بە بوونی ئیرادە لای لایەنی ئەمەریکی.

لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە کە ئایا واشنتن بەڕاستی لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێگەی دانوستانەوە ڕژدە یان نا.


وشە - پۆڵا مەحموود