ماڵپەرێكی عێراقی: لە مزگەوتێكی بەسرە نوێژكردن بە سێ‌ هەزار دینارە

:: AM:11:03:26/04/2026 ‌
ماڵپەڕی بەغداد تودەی عێراقی ئاشكرای كردووە لە مزگەوتی ئیمام عەلی لە بەسرە "وەبەرهێنانێكی گوماناوی" دەكرێت و لە بری نوێژكردنێك لە مزگەوتەكە سێ‌ هەزار دینار وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان ماڵپەڕی بەغداد تودەی ئاشكرای دەكات، دیاردەیەكی سەیر لە مزگەوتی ختوەی ئیمام عەلی"هەنگاوی ئیمام عەلی"  لە بەسرە هەیە، ئەویش ئەوەیە بە ناوی وەبەرهێنان بۆ گەورەكردنی مزگەوتەكە پارە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، كەچی هیچ شتێك بۆ مزگەوتەكە ناكرێت.

ماڵپەڕەكە باسی ئەوەی كردووە، ئەو مزگەوتە بە كۆنترین مزگەوتی بەسرە دادەنرێت و لە ساڵی 14ی كۆچی دروست كراوە، ئێستە بە ناوی گەراجی ئۆتۆمبیل و شتی تر پارە لەو خەڵكە وەردەگیرێت كە بۆ نوێژكردن روو لە مزگەوتەكە دەكەن، لەوانە پارەی گەراج بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك سێ‌ هەزار دینارە.

جیا لەوەیش دەوروبەری مزگەوت بە كرێ‌ دراوەتە كاسبكار و خاوەن عارەبانەكان، گرێبەستی ئەوەیان لەگەڵ كراوە هەر یەكەیان مانگانە كرێ بدەن و كرێی هەندێكیان نزیك ملیۆن دینارە.

ئەوەی سەیر بێت بەگوێرەی زانیاری ماڵپەڕەكە هیچ نۆژەنكردنەوەیەك بۆ مزگەوتەكە نەكراوە، بۆیە هاووڵاتیان داوە لە حكوومەت دەكەن چارەسەری ئەو كێشەیە بكات چونكە، بەرە بەرە خەڵك لە نوێژكردن لەو مزگەوتە دێرینە دوور دەكەونەوە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل