ئاژانسی تەسنیمی ئێران رووداوی تەقەكردن لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە سیناریۆ وەسف دەكات و پێیوایە ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی نیوە ماوەی سەرۆكایەتی ئەو رووداوە بەكار دەهێنێت و دەشڵێ، "جاری پێشوویش بەر لە هەڵبژاردن تەقەی لێكرا".
ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان،
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی كە ئاژانسی فەرمی سەربە سوپای پاسدارانە، بابەتێكی لەسەر رووداوی قەتەكردن لە ترەمپ بڵاوكردووەتەوە و بە سیناریۆی دەزانێت.
لە بابەتەكە پرسیاری ئەوە كراوە، ترەمپ ئەو رووداوە بەكاردەهێنێت بەڵام ئاخۆ بۆ هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆكایەتی یانیش دەیەوێ لە دژی ئێران یان وڵاتی تر بەكاری بهێنێت؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارە ماڵپەڕی تەسنیم دەڵێ، "چەند ئاماژەیەك هەیە كە ئەم بابەتە نمایشێك بووە لەلایەن ترەمپ ئەنجام دراوە".
تەسنیم ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا رووداوێكی هاوشێوە رووی دا و تەقە لە ترەمپ كرا، كە زۆریش ترسناك تر بوو، بەڵام ترەمپ لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن سوودێكی گەورەی لەو رووداوە بینی.
بۆیە بە گوتەی تەسنیم ئێستەیش چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ لە هەڵبژاردنی نیوە ماوەی سەرۆكایەتی سوود لەو رووداوەی شەوی رابردوو ببینێت بە تایبەتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت گوایە كارۆلین لیڤیت گوتەبێژی كۆشكی سپی بەر لەو ئاهەنگەی ئەمشەو كە تێیدا تەقە لە ترەمپ كرا گوتویەتی، "ئەمشەو تەقەكردنیشمان دەبێت".
لە كۆتایی بابەتەكەی تەسنیمدا هاتووە، "لە سایەی ئەو بارودۆخە كە زۆر هەستیارە لەڕووی تەناهییەوە، كەچی ترەمپ تویتی كردووە و خۆی وەك پاڵەوانێكی ئازا دەرخستووە و رای گەیاندووە ئامادەیە لە ئاهەنگەكە بمێنێتەوە".
ئەمشەو لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێك لە هوتێل هیلتۆن لە ئەمەریكا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ كرا و تەقەكەرەكە گیراوە.
هەڵبژاردنی نیوەی سەرۆكایەتی لە ئەمەریكا لە دووەم ساڵی ماوەی سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەمساڵیش بڕیارە لە سێی تشرینی دووەم بكرێت.