ئۆجەلان: یەكێك لە كێشە سیاسییەكانی گەلی كورد نەبوونی یەكێتییە

:: PM:01:55:26/04/2026 ‌
عەبدوڵا ئۆجەلان لە نوێترین پەیامی خۆیدا ڕای گەیاند، یەكێك لە كێشە سیاسییەكانی گەلی كورد، كێشەی نەبوونی یەكێتییە، لەبەر ئەم هۆكارەش یەكێتیی دیموكراتیك پێویستییەكی ناچاری مێژووییە.

ئۆجەلان لە نوێترین پەیامیدا بۆ كۆنفرانسی "كوردانی باكور یەكێتیی نەتەوەیی خۆیان تاوتوێ دەكەن" رای گەیاند، یەكێتیی دیموكراتیك پێویستییەكی ناچاری مێژووییە.

ئۆجەلان دەڵێت: درێژەدان بە هەبوونی گەلێك، ڕاستەوخۆ گرێ دراوە بە هێزی گۆڕانكاریی بە گوێرەی سەردەم، هەر بنیاتێكی كۆمەڵایەتی كە نەتوانێت دینامیكی ناوخۆیی خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمایەكی دیموكراتیك بنیاتی بنێتەوە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات.

گوتیشی، گەلی كورد بەهۆی سیاسەتی نكۆڵی و لە ناوبردن و فشارەوە كە ساڵانێكە بەردەوامە، بێبەش بووە لە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانكارییە بەشێوەیەكی سروشتی، پرسی سەرەكیی بەردەممان ئێستە ئەوەیە، ئایا كۆمەڵگەی كوردی چۆن دەگاتە ئاستی كۆمەڵگەیەكی هاوچەرخ؟.

ئۆجەلان باسی لەوەش كردووە، كورد بە مێژوو و زمان و كولتوور و شێوەگرتنە كۆمەڵایەتییەكەی، ڕاستینەیەكە و كاتێك لە بوارەكانی سیاسەت و ئابووری و تەندروستی و كولتووری، توانی پێشەنگایەتیی خۆی بكات، ئیتر دەتوانێ درێژە بەم ڕاستینەیەی بدات، ئەمەش تەنیا بە ڕێكخستنێكی بەهێزی سیاسی و كۆمەڵایەتی دێتەدی.

"بۆیە كورد ناچارن بنیاتی نوێی خۆیان، نەك تەنیا بەرانبەر دەرەوە، بەڵكو لە پێوەندییە ناوخۆییەكانیشدا بەگوێرەی ئەم بنەما دیموكراتیكییانە دابڕێژنەوە، پێویستە لە پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەكاندا، چارەسەری دیموكراتیك و دانوستان بەبنەما بگرین، لە پێوەندییە ناوخۆییەكانیشدا، لە بری توندوتیژی، سیاسەتی دیموكراتیك و یاسا بەبنەما بگرین، ڕێگەی یەكێتیی دیموكراتیك، بە دانوستانی دیموكراتیكدا تێدەپەڕێت"، ئۆجەلان وادەڵێت.

لە كۆتایشدا گوتی، یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی گەلی كورد، پرسی یەكێتییە، بۆیە یەكێتیی دیموكراتیك ناچارییەكی مێژووییە، بۆ دەركەوتنی عەقڵ و ئیرادەی هاوبەش، بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی دیموكراتیكی بەرفراوان، بەرپرسیارێتییەكی هەنووكەییە، كورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین و ڕێگەی دانوستانی دیموكراتیك دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە بۆ پرسە ناوخۆییەكانیش هەمان ڕێباز پێڕەو بكەن.




وشە - سۆران عەزیز