ئەمڕۆ لە سووریا یەكەم دانیشتنی دادگایی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا و ماهیر ئەسەدی برای ئەنجام درا، پرۆسەكە بەگوێرەی یاساكانی سووریا و بەشێوەی نائامادەبوون "غیابی" بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان، لە سووریا دەست كرا بە دادگایی بەشار ئەسەد و براكەی و چەندان كەسی تر كە لە رژێمی پێشووی سووریا دەسەڵاتیان هەبوو. دادگاییەكە بە غیابیی بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەد و چەندان كەسی تر بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سكای نیوز بڵاو كراوەتەوە، لە دادگایی ئەمڕۆ لە دیمەشق، تەنیا كەسێكی نزیك لە ئەسەد ئامادە بوو ئەویش عاتیف نەجیبە، عاتیف بەرپرسی سەركوتكردنی ناڕەزاییەكان بووە كە لە 2011 لە دەرعا دەستیان پێ كرد، لەوێشەوە بۆ شارەكانی تر، ئینجا شەڕی سووریا هەڵگیرسا و تا كۆتایی ساڵی رابردوو بەردەوام بوو.
دانیشتنی دووەمی دادگا لە 10ی ئایار بەڕێوە دەچێت و چەندان تۆمەت ئاراستەی ئەسەد و سەرانی رژێمی پێشوو دەكرێت، لەوانە گەندەڵی و كوشتنی سەتان هەزار كەس.