رەزا پەهلەوی وڵاتانی ئەوروپی بەهاوكاریی رژێمی ئێران تۆمەتبار دەكات

:: PM:02:18:26/04/2026 ‌
رەزا پەهلەوی كوڕی شای پێشووی ئێران، ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هێرش دەكاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و میدیاكانیان، بەوە تۆمەتباریان دەكات كە كۆمەڵكوژییەكانی گەلی ئێران بەدەستی رژێمی ئێستە پشتگوێ دەخەن.
 
ڕەزا پەهلەوی لە ڤیدیۆكەیدا دەڵێت، كۆتایی بە گەشتێكی ئەوروپی هێناوە كە چاوپێكەوتن لەگەڵ پەرلەمانتاران، حكوومەتەكان و میدیاكارانی لەخۆ گرتبوو، بە ئامانجی گەیاندنی دەنگی "ملیۆنان ئێرانی كە وەك بارمتە لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و كارە تیرۆریستییەكانی و بڕینی ئینتەرنێتدا گیراون".

ئەوە لە كاتێكدایە لە بۆنەیەك لە ئەڵمانیا پەلامار درا و ئێرانییەكان دژی چوونی بوون، هاواریان دەكرد لە سەردەمی نوێدا پاشامان ناوێت. 

پەهلەوی لە گوتەكانیدا باسی لەوەش كرد، "ئەو ڕۆژنامەنووسانەی وڵاتانی ئەوروپا دەستبەرداری پیشەیی و بابەتی ئەخلاقی رۆژنامەگەریی بوون"، زیاتر گرنگی بە ڕەخنەگرتن لە ئەمەریكا و ئیسرائیل دەدەن، نەك ڕەخنەگرتن لەو ڕژێمەی كە 47 ساڵە ئێرانییەكان دەكوژێت.

هەروەها پەیامێكی ڕاستەوخۆی ئاراستەی گەلانی ئەوروپا كرد و گوتی، ئێرانییەكان بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەكەیان، چاوەڕێی ڕەزامەندیی ئەوروپا یان ڕۆژنامەنووس و سیاسییەكانی ناكەن. ڤیدیۆكەی بە دروشمی "ئێران وەردەگرینەوە" كۆتایی پێ هێناوە و شەش ملیۆن و 99 هەزار بینەری هەبووە.




وشە - سۆران عەزیز