ئێران: دوو جار هەوڵی كوشتنی قالیباف دراوە

:: PM:02:20:26/04/2026 ‌
عەباس بابی زادە ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، دوو جار هەوڵی كوشتنی محەمەد باقر قالیباف دراوە، بەڵام وردەكاریی زیاتر ئاشكرا ناكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان، عەباس بابی زادە ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران ئاشكرای دەكات، لە ماوەی رابردوودا دووجار هەوڵی كوشتنی قالیباف دراوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون. زیاتر دەڵێ‌، "ئەو شوێنانەی قالیبافی لێیە، بە مووشەك هێرشیان كراوەتە سەر، بەڵام لە كۆتاییدا نەیانتوانی لەناوی ببەن".

ئەو پەرلەمانتارە هیچ زانیاریی تری ئاشكرا نەكردووە و تەنیا ناڕاستەوخۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات و پێی وایە، ئامانج ئەوەیە بە لەناوبردنی قالیباف، وا لە ئێران بكەن سازش بۆ داواكارییەكانی ئەمەریكا بكات.

محەمەد باقر قالیباف جیا لەوەی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانە، یەكێكە لە سەركردە بەناوبانگەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گەڕی یەكەمی دانوستاندنی ئەمەریكا و ئێران كە لە پاكستان بەڕێوەچوو، سەرۆكی شاندی ئێران بوو.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل